خەباتمێدیا: رۆژى سێ شەممە 6ى رێبەندانى 1388 خوێندکارێکى قۆناغى کارناسى پلەبەرزى رشتەى زانستى سیاسى زانستگاى تاران بە ناوى جیهانگیر عەبدوڵاهى لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانى رژیمەوە لە بەر دەرگاى رۆژهەڵاتى ئەو زانستگایە گیرا.
ناوبراو بەرپرسى ئەنجومەنى فەرهەنگى خوێندکارانى کورد لە زانستگاى تارانە.
هەروەها لە زانستگاى ورمێ خوێندکارێکى کورد بە ناوى خزر رەسوڵ مروت کە مانگى گەلاوێژى رابردوو گیرا و ئێستا حوکمى 3 ساڵ زیندانى خۆى لە گرتووخانەى میاندواو دەباتە سەر، لەم دواییانەدا براوەتە دادگاى رژیم لە مەهاباد و تۆمەتێکى نوێیان پێ راگەیاندوە. ناوبراو بێ بەش کراوە لە پارێزەر و لە ئێستادا لە هەل و مەرجێکى خراپ دا لە گرتووخانەى میاندواودا دەژی.